ئەردۆغان: هەسەدە هەنگاوی ئەرێنی بۆ جێبەجیکردنی رێککەوتن نەناوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
42 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، هەسەدە هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان نەناوە و سوپای سووریا لەو ئۆپەراسیۆنانەدا لەسەر حەقە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ چوارشەممە 21 ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد.
ئەردۆغان، ئاماژەی بە دوایین پێشهاتەکانی سووریا کرد و وتی، "پار لە 10ـی ئاداردا رێککەوتنێک واژۆ کرا. بەپێی ئەم رێککەوتنە دەبوو هەسەدە چەک دابنێت، ئەو شوێنانەی داگیری کردوون رادەستی بکات و بەمجۆرە یەکپارچەیی وڵات مسۆگەر بکرێت، بەڵام هەسەدە هیچ هەنگاوێکی ئەرێنیی نەنا".
دەقی وتارەکەی ئەردۆغان لەبارەی سووریا و کوردانی رۆژئاوای کوردستان:
سووریای دراوسێمان، لە دوای شۆڕشی 8ـی کانوونی یەکەمەوە لەپێناو دابینکردنی یەکڕیزی لە وڵاتدا خەباتێکی چڕ دەکات. لە 10ـی ئاداردا رێککەوتنێک لەگەڵ ئەو پێکهاتەیەی کە ناوی هەسەدەیە و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریای داگیر کردووە، واژۆ کرا. بەپێی رێککەوتنەکە، دەبوو هەسەدە چەک دابنێت و ئەو شوێنانەی داگیری کردوون رادەستی حکومەتی سووریا بکاتەوە. هەسەدە لەو ماوەیەدا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەنا و بەردەوام بوو لە فشارخستنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و هێرشکردنە سەریان. دانوستانەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە ئەنجامی نەرێنییان لێکەوتەوە، هۆکارەکەشی هەڵوێستی سازشنەکردن و خۆبەزلزانینی هەسەدە بوو. ئێمە لەو پرۆسەیەدا داوامان لە هەموو لایەنەکان کرد و هەوڵمان دا قەیرانەکە نەبێتە پێکدادانی گەرم. ئەکتەری دیکەش هاتنە نێو باسەکەوە. بۆ رێککەوتنەکە راسپاردەیان پێشکێش کرد، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی هەسەدەدا رووی نەدا. سوپای سووریا لە هەفتەی دووەمی کانوونی دووەمدا بە شێوەیەکی زۆر رەوا و شەرعی، سەرەتا ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر گەڕەکەکانی حەلەب و دواتریش بۆ رۆژهەڵاتی فورات ئەنجام دا. لە هەفتەی رابردووشدا، جگە لە گەڕەکەکانی حەلەب، خاکەکانی رۆژهەڵاتی فوراتیش لە توخمە چەکدارە نایاساییەکان پاک کرانەوە. ئێمە وەکو تورکیا، بەرگریمان لە بوونی دەوڵەتێکی یەکگرتووی سووریا کردووە کە یەکپارچەیی خاکەکەی پارێزراو بێت. رامانگەیاندووە کە رەزامەندی لەسەر پێکهاتەیەکی جوداخواز لە سنوورەکانی باشووری تورکیا نیشان نادەین. وەکو دراوسێ، لە دڵەوە پشتگیری لە خەباتی سوپای سووریا بۆ دروستکردنی سووریایەکی یەکگرتوو و سەربەخۆ دەکەین. لە دڵەوە پیرۆزبایی لە حکومەت و سوپای سووریا دەکەین بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکانیانەوە".
'کوردانی سووریا برای راستەقینەی خۆمانن'
هەروەها دەمەوێت بەتایبەتی ئەمەش بڵێم. کوردانی سووریا برای راستەقینەی خۆمانن. وەکو براکانیان، ئێمە لە هەمووان باشتر دەزانین کە برا کوردەکانمان لە سووریا لە سەردەمی رژێمی ستەمکاری پێشوودا رووبەڕووی چ جۆرە ستەمکارییەک بوونەتەوە. بوونیان دانپێدانراو نەبوو، وەکو هاووڵاتی قبووڵ نەدەکران. تەنانەت ناسنامەشیان پێ نەدەدرا. رێگەیان پێنەدەدرا بە زمانی دایکی خۆیان قسە بکەن و کولتوور و دابونەریتی خۆیان بپارێزن. کاتێک ئەم برایەتان سەرۆکوەزیران بوو، لە ساڵی 2008ـەوە لە هەموو ئەو دیدارانەی ئەنجامم داون، باسم لەم نادادپەروەرییانە کردووە. ئێمە بەردەوام مافی برا کوردەکانمان لە سووریا دەهێنایە رۆژەڤەوە. لە هەموو دەرفەتێکدا جەختمان لەوە دەکردەوە کە دەبێت مافە سەرەکییەکانیان پێ بدرێت. کاتێک کەس تەنانەت باسی ئەمانەی نەدەکرد و کەس باسی مافی کوردانی سووریای نەدەکرد، ئێمە بە ئاشکرا ئەم شتانەمان بە لایەنە بەرامبەرەکانمان دەگوت. ئێمە باڵمان بەسەر کۆچبەرە سووریاییەکاندا کێشا. لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆ لە سووریا لە ساڵی 2011ـدا، ئەمجارەیان برا کوردەکانمان رووبەڕووی فشاری رێکخراوە تیرۆریستییەکان بوونەوە. حکومەتی نوێی سووریا، باوەشی بۆ کوردانی سووریا کردەوە و زۆر بنیاتنەرانە مامەڵەی کرد.
|