بەرگریی شارستانیی هەرێم: دوو کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
لافاو چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی زۆری مادیش بە هاونیشتمانییان گەیشتووە.
سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی رایگەیاندووە، "تا ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، هەردووکیان دانیشتووی ناحیەی شۆڕشی چەمچەماڵ بوون."
وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان وتی، "یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە پیاوێکە تەمەنی 70 ساڵە و دیواری بەسەردا رووخاوە، قوربانییەکەی دیکەش کچێکی 8 ساڵە و بەهۆی لافاوەوە خنکاوە."
لەبارەی زیانی مادی سەرکەوت کاڕەش دەڵێت، "لافاوەکە زیانێکی زۆری مادی بە ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانییانی سنووری کەرکووک و سلێمانی گەیاندووە، بەڵام شەپۆلەکە لە هەولێر و دهۆک لاوازترە و هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو تۆمار نەکراوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرجەم کارمەندانی بەرگریی شارستانی کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەییەوە بۆ رزگارکردنی گیانی ئەو هاووڵاتییانەی پێویستییان بە هاوکاری و بەهاناوەچوونە."
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی 35-45 مللیمەتر باران ببارێت.
|