بارەگای بارزانی: باخچەلی هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە لە پێستی مەڕدا

2   کاتژمێر پێش ئێستا  161 جار خوێنراوەتەوە

بارەگای بارزانی لەبارەی سەردانی مەسعود بارزانی بۆ جزیری بۆتان وەڵامی رەخنەکانی دەوڵەت باخچەلی دەداتەوە و دەڵێت، "ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و وازی لە رەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا".
 
یەکێک لەو کەسانەی رەخنەی لە پاسەوانەکانی بارزانی گرت کە بە ئاڵای کوردستانەوە چوونەتە جزیری بۆتان، باخچەلی بوو. دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، "دەوڵەتەکەمان خاوەنی دەسەڵات و توانا و لێهاتوویی پێویستە بۆ پاراستنی هەموو سەردانیکارێک".

دەقی پەیامەکەی بارەگای بارزانی:
 
بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە کە دوورە لە هەموو عورفێک و خزمەتی هیچ لایەک ناکات.
 
قسەکانی باخچەلی لەحاڵیکدایە کە هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو رێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر بەپێی تەوافوقێکی پڕۆتۆکۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ هەرێم یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێک رووینەداوە.
 
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی ئیدعا دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و  وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا.
 
گوتەبێژی بارەگای بارزانی
2ی کانوونی یەکەمی 2025


   ئەمانەش بخوێنەرەوە