سێ هەفتەیە داهاتی سلێمانی کەم دەکات، دابەزیوە بۆ 2 ملیار دینار
2 کاتژمێر پێش ئێستا
30 جار خوێنراوەتەوە
بە گوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی هەفتانەی سلێمانی لە سێ هەفتەی رابردوو رووی لە کەمی کردووە، هەفتەی رابردوو تەنیا دوو ملیار دینار بووە، لەکاتێکدا هەفتەی پێشوو زیاتر لە 10 ملیار دینار و هەفتەی پێشووتر زیاتر لە 25 ملیار دینار بووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاویکردەوە، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 08-11-2025 تاوەکو ئەمڕۆ 14-11-2025، دوو ملیار و 693 ملیۆن و 653 هەزار و 975 دینار بووە.
بە گوێرەی هەمان ماڵپەڕ، داهاتی پێشووی سنوورەکە لە 01-11-2025 تاوەکو 07-11-2025، 9 ملیار و 755 ملیۆن و 62 هەزار و 495 دینار بووە، بەو پێیەش زیاتر لە 74% کەمیکردووە.
هەفتەی پێشووتر، بە گوێرەی شەفافیەت داهاتی سنوورەکە 25 ملیار و 284 ملیۆن و 911 هەزار و 226 دینار بووە.
هەرچەندە لەو ماڵپەڕەدا کە نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات ئاماژە بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوە یان پێچەوانە لە داهاتدا ناکرێ، بەڵام پێدەچێت بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە سێشەممە 11-11-2025 و پشووەکانی هەفتە هۆکاری سەرەکی بن.
داهاتی مانگانەی سنوورەکە لە 25ـی مانگی 9 بۆ 25ـی مانگی 10 زیاتر لە 73 ملیار دینار بووە، هەروەها داهاتی ئەم مانگە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 13 ملیار دینارە.
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە کۆدەکرێنەوە.
داهاتی پار لەو سنوورانە زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە و ئەم ساڵیش تاوەکو ئەمڕۆ زیاترە لە 784 ملیار دینار.
|