بەشێک لە بەرگی کەعبە پێشکەش بە کەسایەتییەکی هەولێر دەکرێت
3 کاتژمێر پێش ئێستا
133 جار خوێنراوەتەوە
عەبدولواحید برادۆستی، کەسایەتیی کۆمەڵایەتی لە هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەلایەن شاندێکی سعودیەوە پارچەیەک لە بەرگی کەعبەی بە دیاری پێشکێش کرا.
عەبدولواحید برادۆستی بەمیدیاکانی ڕاگەیاند: "دوێنێ بۆ هێنانی ئەو پارچە پیرۆزەی بەرگی کەعبەی پیرۆز، شاندێکی فەرمیی لە سعودیەوە بەسەرپەرشتی شێخ ئەحمەد قەتتان، هاتنە هەرێمی کوردستان و شەوی رابردوو پێشکێشیان کردم".
برادۆستی ئاماژەی بەوەشکرد: "شەرەفێکی گەورەیە و بە دیاری و خەڵاتێکی پیرۆز و گەورەی دەزانم؛ دەبێتە هەنگاوێک بۆ ناساندنی گەلی موسڵمانی کورد بە وڵاتانی ئیسلامیی لە جیهان".
لەکاتی پێشکەشکردنی بەشێک لە بەرگی کەعبە لە شاری هەولێر، رێوڕەسمێکی فراوان بە ئامادەبوونی شاندەکەی سعودیە، مامۆستایانی ئایینیی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و کەسوکاری عەبدولواحید بەڕێوەچوو.
عەبدولواحید برادۆستی دەڵێت: "پێدانی پارچە پیرۆزەکە لەسەر بنەمای کارەکانمان بووە لەپێناو چاکەی گشتی، خێرخوازیی و کۆمەڵایەتییدا، ئەویش لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لەنێوان خەڵکی هەرێمی کوردستان و سعودیەدا هەیە".
ئەو پارچەیەی بەرگی کەعبە کە بە زێڕ بەشێکی رووپۆش دەکرێت، ساڵانە دوای گۆڕینی بەرگی کەعبە وەکو دیاری دەدرێتە کەسایەتییە دیارەکانی وڵاتانی موسڵمان لە جیهان.
عەبدولواحید برادۆستی رایگەیاند: "سوپاسی شاندی شانشینی سعودییە دەکەین، کە بۆ وەها دیارییەک ئێمە و گەلی کوردیان بە شایستە زانیوە و پێشکەشیان کردووین".
شێخ ئەحمەد قەتتان سەرۆکی شاندی سعودیە وتی: ئێمە هاتووین بۆ هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە دیارییەکی گرانبەها کە بەشێکی بەرگی پیرۆزی کەعبەیە پێشکەش بە دۆستی نزیکمان شێخ عەبدولواحید بکەین".
|