زیاتر لە 14 تۆن مادەی هۆشبەر لە عێراق لەناوبرا

3   کاتژمێر پێش ئێستا  152 جار خوێنراوەتەوە

دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دەڵێ، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکاندا زیاتر لە 4 تۆن و 500 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و زیاتر لە 9 تۆن حەبیان لەناوبردووە کە لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا دەستیان بەسەردا گیرابوو.
 
سامر قاسم تائی، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق، رایگەیاند: "دەستەکە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بەشداری لە 34 ئۆپەراسیۆنی لەنێوبردنی مادەی هۆشبەردا لە پارێزگاکانی بەغدا، بەسرە و نەجەف کردووە".
 
بە وتەی سەرۆکی دەستەی گومرگ، کۆی گشتیی ئەو مادە هۆشبەرەی لەنێوبراوە "4 تۆن و 571 کیلۆگرام و 769 گرام و 219 میلیگرام" لە مادەی هۆشبەری جۆراوجۆر، زیاتر لە "9 تۆن و 786 کیلۆگرام و 168 حەب" لە جۆرە جیاوازەکانی حەبی هۆشبەر و حەبی کاریگەری دەروونی بووە.
 
سامر قاسم رایگەیاند: "ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەشێکن لە رۆڵی گرنگی دەستەکە وەک هێڵی یەکەمی بەرگریی وڵات؛" گوتیشی: "کاری گومرگی ئەمڕۆ تەنیا لە لایەنی ئابووریدا سنووردار نییە، بەڵکو بووەتە بەرپرسیارێتییەکی ئەمنی، ئەخلاقی و نیشتمانی. "
 
سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق دەشڵێت: "بەردەوامین لە بەهێزکردنی رێکارەکانمان بۆ دڵنیابوون لە کۆنترۆڵکردنی تووندی دەروازەکان و رێگریکردن لە دزەکردنی ئەم مادە وێرانکەرانە بۆ نێو وڵات."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە