کاتی کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع ئاشکرا کرا
3 کاتژمێر پێش ئێستا
309 جار خوێنراوەتەوە
کۆشکی سپی، پشتڕاستی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە 10-11-2025 لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە.
کارۆلاین لێڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە ئەو کۆبوونەوەیە رۆژی دووشەممە لێرە لە کۆشکی سپی بەڕێوەدەچێ. ئەمەش بەشێکە لە هەوڵ و دیپلۆماسییەتەکەی سەرۆک ترەمپ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هەر کەسێک لە سەرانسەری جیهان لەپێناو ئاشتی."
ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە ئیدارەی ترەمپ هەنگاوێکی بەرچاوی نا بە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لەسەر سووریا، ئەوەش وەک هەلێک بۆ حکومەتی نوێی دیمەشق بۆ بووژاندنەوەی وڵاتەکەی و کردنەوەی "لاپەڕەیەکی نوێ" لەگەڵ واشنتن.
لێڤیت ئاماژەی بەوەشکرد: "کاتێک سەرۆک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو، بڕیارێکی مێژوویی دا بە هەڵگرتنی سزاكان لەسەر سووریا بۆ ئەوەی دەرفەتێکی راستەقینەی ئاشتیان پێبدرێ و پێموایە ئیدارەکەمان پێشکەوتنی باشی لەژێر سەرکردایەتیی نوێیاندا بینیوە."
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، چاوەڕوان دەکرێ لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەتی گرنگ تاوتوێ بکرێن، لەوانە ئاوەدانکردنەوەی سووریا و هەوڵە هاوبەشەکانی دژی داعش.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رۆژی شەممە رایگەیاند، ئامانج لە سەردانەکە واژۆکردنی رێککەوتننامەی بەئەندامبوونی سووریایە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرێت.
ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی سەرکردەکەی سووریا بۆ واشنتن و دووەم سەردانی بۆ ئەمریکا، دوای گەشتە مێژووییەکەی بۆ نیویۆرک و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول.
|