فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە، 1.7 ملیار دینار داهاتی هەبووە

15   کاتژمێر پێش ئێستا  218 جار خوێنراوەتەوە

 پارێزگاری هەڵەبجە و بەرپرسانی دیکە ئاماری سێ رۆژی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەیان راگەیاند و جەختیان لە سەرکەوتنی کردەوە لە رووی ئابووری، گەشتیاری و ئاسایشییەوە. بەگوێرەی ئامارەکە 419 هەزار و 700 سەردانیکەری هەبووە.
 
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، سوپاسی هەموو ئەو تیمانەی کرد "شەو و رۆژیان خستبووە سەر یەک" بۆ سەرخستنی فێستیڤاڵەکە، لە تیمەکانی حکومەت و رێکخراوەکانەوە تاوەکو هێزە ئەمنییەکان، پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان.
 
پارێزگاری هەڵەبجە، سوپاسی باخەوان و خاوەن پیشە و بەرهەمە خۆماڵییەکانی کرد و وتی: "جارێکی دیکە سەلماندتانەوە رۆحی راستەقینەی ئەم شارە لە دەستی ماندووی ئەو جووتیارانەدایە، کە ژیانیان بە زەوی بەخشیوە." هەروەها سوپاسی گەنجە خۆبەخشەکانی کرد و بە "داینەمۆی رێکخستنی کارەکان" ناوی بردن.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، فێستیڤاڵەکە "پەیامێکی روون بوو لە هەڵەبجەی پایتەختی ئاشتی و شاری شەهیدانەوە بۆ هەموو جیهان؛ پەیامی ژیان و ئاوەدانی و پێکەوەژیان." 
 
فرۆشی بەرهەمەکان گەیشتووەتە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار
 
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ئاماری فرۆشتنی بەرهەمەکانی لە سێ رۆژی فێستیڤاڵەکە راگەیاند و وتی: "خۆشبەختانە دەرفەتێکی زۆر باشی رەخساند بۆ ساخکردنەوەی ئەو بەرهەمانە."
 
بە گوتەی ستار مەحموود، کۆی گشتیی فرۆش لە ماوەی سێ رۆژدا گەیشتووەتە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار، کە بەمشێوەیە دابەش بووە:
 
- بەرهەمە کشتوکاڵییەکان: 700 ملیۆن دینار
- خواردەمەنی: 800 ملیۆن دینار
- کاری دەستی: 200 ملیۆن دینار

 
پێشبینی کرد ئامارەکە لەوەش زیاتر بێ، چونکە ئەو ژمارانە تاوەکو کاتژمێر 5:00ـی رۆژی سێیەم بووە 
 
زیاتر لە 419 هەزار گەشتیار سەردانی هەڵەبجەیان کردووە 
 
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ئاماری هاتنی گەشتیارانی راگەیاند و وتی: "بەپێی ئامارەکانی ئێمە، ژمارەی سەردانیکار و گەشتیار 419 هەزار و 700 کەس بووە."
 
81 هەزار ئۆتۆمبێلی بچووک، 204 پاس، 720 مینی پاس، 55 پاسی گەورە و 4 هەزار و 900 ماتۆڕسکیل بۆ فێستیڤاڵەکە چوونەتە نێو پارێزگای هەڵەبجە 
 
ئەوەشی خستەڕوو "35% بۆ 40%ی ئەو گەشتیارانە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی دیکەی سنوورەکەیان کردووە، ماوەی هەفتەیەک زیاترە سەرجەم شوێنەکانی مانەوە تاوەکو رۆژی یەکشەممە و دووشەممە حیجز کراون."
 
زیاتر لە 5 هەزار هەلی کار رەخسێنراون
 
ئەرسەلان عابد، بەرپرسی تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجەش، رایگەیاند: "فێستیڤاڵەکە بووەتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ "پیشەوەر و جووتیار و خانمانی دەستڕەنگین و لاوانی ئەم دەڤەرە."
 
بە وتەی ئەرسەلان عابد، لە 700 کەپر و ستانددا، 2 هەزار و 100 هەلی کاری راستەوخۆ و زیاتر لە 3 هەزار هەلی کاری ناڕاستەوخۆ رەخسێنراون.
 
ئاماژەی بەوەدا، "زیاتر لە هەزار پلاتفۆرمی میدیایی و سۆشیاڵ میدیا لەناو فێستیڤاڵدا کاریان کردووە."
 
هیچ رووداوێکی ئەمنی رووینەداوە
 
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە، جەختی لە سەرکەوتنی پلانی ئەمنیی فێستیڤاڵەکە کردەوە و رایگەیاند، "لەگەڵ هاتنی ئەو هەموو گەشتیار و میوانە، هیچ رووداوێکمان نەبووە کە شایەنی باس بێت."
 
قایمقامی هەڵەبجە، سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کرد و ستایشی رۆڵی گەنجانی شارەکەی کرد کە "خۆبەخشانە کاری هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەرانی هاتووچۆیان کردووە" و نەیانهێشتووە هیچ جۆرە "شەڕ و ئاژاوەیەک" دروست ببێت.
 
 بەگوێرەی ئاماری رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، پار 285 هەزار و پێرار 270 هەزار سەردانیکار و گەشتیار چووبوونە فێستیڤاڵی هەنار و پاییزەی هەڵەبجە و داهاتەکەی ملیارێک و 435 ملیۆن دینار بوو. 
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار تۆنە کە نزیکەی 30 هەزاری لە پارێزگای هەڵەبجەیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە