مەزڵوم عەبدی و نوێنەری ئەمریکا لە سوریا کۆبوونەوە

5   کاتژمێر پێش ئێستا  77 جار خوێنراوەتەوە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا رایگەیاند، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە. 
 
باڵیۆزخانەکە شوێنی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت، باراک و مەزڵووم عەبدی "دۆخی سووریایان تاوتوێکرد و باسیان لە پێویستیی هەنگاوی دەستبەجێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری کرد."
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە لە 13ی تەممووزەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی دروز و هۆزە دەشتەکییە سوننییەکان لە پارێزگەی سوەیدای باشووری سووریا دەستیپێکردووە. 
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق دەڵێت، نێردەی ئەو وڵاتە و فەرماندەی هەسەدە "باسیان لە هەنگاوە کردەییەکان بەرەو تێکەڵبوون بە سووریایەکی یەکگرتوو کرد، لەپێناو داهاتوویەکی ئارام، خۆشگوزەران، هەمەلایەنگر و سەقامگیر بۆ هەموو سووریاییەکان."
 
دەشڵێت: "ئەوان هاوڕابوون کە ئێستا کاتی یەکگرتووییە."
 
نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا "سوپاسی جەنەڕال مەزڵوومی کرد لە بەرامبەر سەرکردایەتییەکەی و هاوبەشیی بەردەوامی هەسەدە لە شەڕی دژی داعش لە سووریا،" ئەمە وەک باڵیۆزخانەکە باسی دەکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە