درۆنەکانی هەفتەی رابردوو لە دووبزەوە هەڵدرابوون

5   کاتژمێر پێش ئێستا  59 جار خوێنراوەتەوە

هەفتەی رابردوو، پێنج جار هێرش کرایە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان؛ جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، درۆنەکان لە 'قەزای دووبزەوە' هەڵدرابوون.
 
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "ئەو درۆنە بۆمبڕێژکراوانەی کە هەفتەی رابردوو کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج، لە قەزای دووبزی کەرکووکەوە ئاراستە کرابوون."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، لەم مانگەدا 20 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان؛ لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون.
 
ئەو کێڵگانەی هێرشیان کراوەتەسەر، کێڵگەکانی خورمەڵە، تاوکێ، سەرسنک، باعەدرێ و پیشابوور بوون. کە بە وتەی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە، هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، "بەئامانجگرتنی ئەم دواییەی دامەزراوە و کێڵگە نەوتییەکان پێشهاتێکی مەترسیدارە، کە ئامانج لێیان تێکدانی سەقامگیریی عێراقە."
 
لەبارەی لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە، رۆژی 15ی تەممووز، سەباح نوعمان، وتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و فراوان دەستپێبکەن بۆ دیاریکردنی ئەو لایەنانەی لەپشت ئەم هێرشانەوەن، لەگەڵ گرتنەبەری رێکاری تووند بۆ لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان بەبێ هیچ سڵکردنەوە و دوودڵییەک."
 
وتەبێژەکەی سوودانی دەڵێت، "حکومەتی عێراق بە هەموو دامەزراوە و دەزگاکانەوە، رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک نادات کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بگەیێنێت، هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی دامەزراوە گرنگەکان و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری، بە جۆرێک کە رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە بگرێت و سەروەریی عێراق و مافەکانی گەلەکەی بپارێزێت."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە