ئەمریكا: پابەندین بە دۆزینەوەی چارەسەری موچە و هەناردەکردنی نەوت

10   کاتژمێر پێش ئێستا  185 جار خوێنراوەتەوە

ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەمیانەی كۆبونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراقی ئەنجامدەرانی هێرشە درۆنیەكانی هەرێم ڕوبەڕوی بەرپرسیارێتی بکاتەوە، هەروەها پابەندن بە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ موچە و هەناردەکردنی نەوت.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبوەوە. 

ئاماژەی بەوەشكرد، ستیڤ فەیگن جەختیکردەوە لە پێویستیی وەستاندنی هێرشە درۆنیەکان لە هەرێمی کوردستان و پێویستیی ئەوەی حکومەتی عێراقی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە ڕوبەڕوی بەرپرسیارێتی بکاتەوە. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانە جەختیکردەوە لە پابەندوون بە هاوبەشییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری ئاساییش و هەوڵەکانی هەردولایان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ موچە و هەناردەکردنی نەوت.

لایخۆیەوە بارەگای بارزانیش لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لەو دیدارەدا پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە توركیا و بارودۆخی سوریا خرایە بەرباس و گفتوگۆ و ستیڤ فەیگن پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی بارزانی لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و لەیەكترنزیككردنەوەی لایەنە كوردییەكانی سوریا هەبو". 

دەشڵێت، "هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بون و شاندی میوان ئەوەیان ڕاگەیاند كە ئەمریكا پێشوازی لەو ڕێككەوتنەی دەكات كە لەنێوان هەردو حكومەت لەسەر موچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەئارادایە".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە