نزیکەی 500 هەزار مامەڵەی وەرگرتنی زەوی تەواوکراون
15 کاتژمێر پێش ئێستا
440 جار خوێنراوەتەوە
بەگوێرەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت ، مامەڵەی نزیکەی 500 هەزار فۆرمی داواکردن بۆ وەرگرتنی زەوی تەواو بووە و نزیکەی 30 هەزار کەسیش زەوییان پێدراوە.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ 480 هەزار فۆرمی وەرگرتنی زەوی وردبینی و رێکارەکانی دیکەی تەواوکراون."
ئەو فۆرمانەی وردبینییان تەواو کراوە، رەوانەی شارەوانیی قەزا و ناحیەکان کراونەتەوە و دەبێت هەر شارەوانییەک لە سنوورەکەی خۆیدا زەوی تەرخان بکات و دابەشی بکات.
بەگوێرەی وەزارەتی شارەوانی، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەولێر زیاتر لە 17 هەزار، لە سلێمانی 6 هەزار و 577، لە دهۆک هەزار، لە زاخۆ هەزار و 241 پارچەزەوی و لە گەرمیان دوو هەزار و 474 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دیکەدا دابەشکراون.
27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
|