سیاسەتی سەرۆک ترەمپ، " ئەمریکا پێش هەموو شتێک" نییە، بەڵکو " ترەمپ پێش هەموو شتێک"ە
فەریق حەبیب
26/01/2026
436 جار خوێنراوەتەوە
هەرگیز لەو کەسانە نەبووم کە بچمە نێو باسکردنی تێورییەکانی پیلانگێڕیی لەبارەی دۆناڵد ترەمپ و روسیاوە. پێموانەبووە ترەمپ بەکرێگیراوی روسیایە یان ڤلادیمێر پوتین هەژموونی دارایی بەسەر ترەمپەوە هەیە، یاخود کاسێتی سێکسی ئەوی لایەو دەتوانێت لەو رێگەیەوە هەڕەشەی لێبکات. هەمیشە باوەڕم وابووە بابەتەکە زۆر لەوە خراپترە؛ ترەمپ لەقووڵایی دڵ و رۆحیدا، ئەو بەهایانەی تێدا نییە کە لەدوای دووهەمین جەنگی جیهانییەوە، هەموو سەرۆکێکی ئەمریکی لەناخی خۆیدا هەڵیگرتوون، دەربارەی رۆڵی ئەمریکا لەجیهان و شێوازەکانی ئەو رۆڵە.
هەردەم بڕوام وابووە کە ترەمپ سیستمێکی شێوێندراوی بەهاکانی هەیە کە پشت بەهیچ یەکێک لەبەڵگەنامە دامەزرێنەرەکانمان نابەستێت، بەڵکو هەموو سەرکردەیەکی خاوەن هێزی پێباشە، بەچاوپۆشین لەوەی ئەو هێزە بۆچی بەکاردەهێنێت، هەموو سەرکردەیەکی دەوڵەمەندیشی پێباشە کە بتوانێت ترەمپ دەوڵەمەند بکات، بەچاوپۆشین لەسەرچاوەی سامانەکەی یان چۆن دەستیکەوتووە، هەموو سەرکردەیەکیشی پێباشە کە ستایشی بکات، ئیتر با ئەو ستایشکردنەش هەڵبەستراو و ناڕاست بێت و بەڕوونیی هەڵبستراوییەکەشی دیاربێت.
هەربۆیە، لەبەر ئەوەی پوتینی دیکتاتۆر، ئەو پێوەرانەی لە سەرۆکی دیموکراتخوازی ئۆکرانیا زیاتر تێدابوو، ترەمپ وەکو هاوڕێیەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرد، بێ گوێدانە بەرژەوەندیی و بەهاکانی ئەمریکا. پۆتین تەنانەت پێویستی بەهیچ ماندووبوونێک نەبوو بۆ ئەوەی ترەمپ بکات بەئامرازێک بەدەستی خۆیەوە.
لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە، ترەمپ لەمێژووی ئێمەدا تاکە سەرۆکێکە کە ئەمریکی نەبێت.
ئەمە لەو رۆژەوە بەڕوونی دەرکەوت کاتێک هێرشی کردەسەر سیناتۆر جۆن مەکەین-ی نیشتمانپەروەرو پاڵەوانی راستەقینەی جەنگی ئەمریکا، چونکە لەکاتی شەڕدا فڕۆکەکەی کەوتەخوارەوەو بەدیل گیرا. چ جۆرە ئەمریکییەک هێرش دەکاتەسەر مەکەین کە زیاتر لە پێنج ساڵی تەمەنی، بە دیلی لەزیندانێکی ڤێتنامی باکووردا بەسەربرد، دوای ئەوەی رەتیکردەوە پێش کۆتاییهاتنی ماوەی زیندانیکردنەکەی ئازادبکرێت، چونکە ئازادکردنەکەی دەبووە پڕوپاگەندە بۆ دوژمن؟ نازانم چ ئەمریکییەک ئەو کارە دەکات.
لە ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، خراپترین سەرکێشییە نا ئەمریکاییەکانی و تەمبەڵییە فیکرییەکەی ترەمپ، لەلایەن کۆمەڵێک لەڕاوێژکاری جددییەوە کۆت و بەند کرابوو، بەڵام ئێستا هیچ کەسێک نییە سنووری بۆ دابنێت.
کۆمەڵێک دووڕوو و مەراییکەری لەدەوری خۆی کۆکردووەتەوە. هەربۆیە ترەمپ لەئێستادا وڵات وەکو یەکێک لەکۆمپانیاکانی خۆی بەڕێوەدەبات، ئازادە لە بەستنی سەودانامەی خراپ.
ئەم شێوازە بەڕێوەبردنە، بووەهۆی شەش حاڵەتی مایەپووچبوون لەکۆمپانیاکانیدا. لە بەدبەختی ئێمەشدا، ئێستا هەموومان هاوبەشی ترەمپ-ین و ترسی ئەوەم هەیە نەتەوەکەمان لەڕووی ئەخلاقی و، تەنانەت رۆژێک لەڕۆژان لەڕووی دارایی و سیاسیشەوە مایەپووچ بکات.
رەفتارەکانی ترەمپ تا ئەو رادەیە سەرکێش و خۆپەرستن و بەڕوونی ناکۆکن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا- تەنانەت بەو جۆرەی کۆماریخوازەکانیش بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ پێناسەیان کرد، سەرباری دیموکراتخوازەکان- بەجۆرێک کە دەبێت پرسیاری ئەوە بکرێت؛ ئاخۆ ئێستا ئەمریکا لەلایەن پادشایەکی شێتەوە بەڕێوەدەبرێت؟
دەبێت چی سەرۆکێکی ئەمریکی ئەو دەقە بنووسێت کە ترەمپ بۆ یوناس گار ستۆرە-ی سەرۆک وەزیرانی نەرویجی نووسی، تیایدا باسی لەوەکردووە کە یەکێک لەهۆکارەکانی هەوڵەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند ئەوەیە کە خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێنەدراوە؟
نووسیوویەتی: " لەبەر ئەوەی وڵاتەکەتان بڕیاریداوە، خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی-م پێنەبەخشێت، لەپای ئەوەی 8 جەنگم راگرت، بۆیە هەست بەوەناکەم چیتر پابەندبم تەنها بە بیرکردنەوە لەئاشتی، هەرچەندە ئاشتی هەر وەکو کارێکی لەپێشینەم دەمێنێتەوە. ئێستا دەتوانم بیر لەو شتانە بکەمەوە کە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان باش و گونجاون".
ئەو وشانە بە هێواشی بخوێننەوە، هاوار ناکات "ئەمریکا پێش هەموو شتێک"، بەڵکو هاوار دەکات "من پێش هەموو شتێک". هاوار دەکات: "من، دۆناڵد ترەمپ، ئامادەم دەستبەسەر گرینلاند-دا بگرم، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی لەبەرەیەک هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی ناتۆش بێت کە تەمەنی دەگاتە 77 ساڵ، چونکە لیژنەی نۆبڵ، ساڵی رابردوو خەڵاتەکەی پێنەبەخشیم" بێ ئاگا لەوەی لەبنەڕەتدا حکومەتی نەرویج دەسەڵاتی بەسەر بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ-دا نییە.
بابەتەکە بەشێوەیەکی تر دەبوو، ئەگەر ترەمپ بیووتبایە ئامادەیە ناتۆ تێکبشکێنێت لەبەر پرەنسیپێکی جیۆسیاسی کە زیان بە ئاسایشی گەلی ئەمریکا دەگەیەنێت.
رەنگە هۆکارەکەی نەزانم، بەڵام دەتوانم پێشبینی ئەو ئەگەرە بکەم. بەڵام ئەوەی ناتوانرێت بیری لێبکرێتەوە، ئەوەیە سەرۆکێکی ئەمریکی بەئەندازەیەک هەڵپەی بێت بۆ خەڵاتی نۆبڵ، لەپێناو تێرکردنی لوتبەرزییەکەی - سەرکەوتن بەسەر سەرۆکی پێش خۆی و یەکسانبوون لەگەڵ باراک ئۆباما- کە ئامادەی لەناوبردنی هاوپەیمانی و بازرگانی لەگەڵ ئەوروپا بێت، تەنها لەبەر ئەوەی خەڵاتەکەی بەدەستنەهێناوە.
هەوڵ دەدەم ئەو دیمەنە بهێنمە بەر چاوی خۆم کە تیایدا ترەمپ، بێئەوەی شەرم بکات، ئەو نامەیە بەیەکێک لە یاریدەدەرانی بنووسێت و هەر ئەو کەسەش بینێرێت بۆ نەرویجییەکان، بێ ئەوەی هیچ کەسێک لە کۆشکی سپی رایبگرێت، بێ ئەوەی هیچ کەسێک پێی بڵێت: " جەنابی سەرۆک، تۆ شێت بوویت؟ نابێ خواستە کەسییەکانی خۆت بخەیتە سەرووی ئایندەی هاوپەیمانی ئەتڵەنتی".
بەڵام ترەمپ دەتوانێت ئەوە بکات، چونکە قەدری ئەو خوێن و پارەو هەوڵانە ناگرێت کە چەند نەوەیەک لە سەربازان و دیپلۆماتکاران و سەرۆکەکانی ئەمریکا، لەپێناو ئەو هاوبەشییە تووندو بەتینە لەگەڵ ئەوروپا پێشکەشیان کردووە.
با بابەتەکە بەزمانێک روون بکەمەوە کە ترەمپ لێی تێبگات: ئەگەر ئەمریکا کۆمپانیایەک بووایە، دەمانووت نەوەیەک لە کرێکار و بەڕێوەبەرو وەبەرهێنەری ئەمریکی، بە وەبەرهێنانێکی تاڕادەیەک بچووک، سەرکەوتووترین کۆمپانیایان دامەزراندووە-هاوپەیمانی ئەتڵەنتی(ناتۆ)- لەئەوروپا لەڕێی پلانی مارشاڵەوە، هاوبەشێکی بازرگانی بەهێزمان درووستکردووە کە ئەمریکا و ئەوروپای دەوڵەمەنتر کردووە و ئەوروپامان لەکیشوەری جەنگە نەتەوەییەکانەوە کرد بە گەورەترین ناوەندی بازاڕی ئازاد و گەلانی ئازادو سەروەری یاسا، هاوپەیمانێکی دیموکراسی کە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ سەقامگیریی جیهان و سنووردارکردنی روسیا.
راستە ئەوروپا رووبەڕووی ئاڵینگاریی گەورە بووەتەوە: کۆچی بەربڵاو و نارێکخراو، زێدەڕۆییکردن لەرێکخستندا، هەڵکشانی راستڕەوە تووندڕەوەکان.
هەروەها مەترسی ئەمنی راستەقینەش لەجەمسەری باکووردا هەیە، بەڵام چەندین نەوە لە پیاوانی دەوڵەتمەداری ئەمریکا لە گرنگیی هاوبەشی ئەمریکی- ئەوروپی تێگەیشتوون و هەرگیز بیریان لەوە نەکردبووەوە بیکەن بەقوربانی مەسەلەی سەروەری بەسەر گرینلاند-دا.
روون و ئاشکرایە کە تەنها کەسێکی خۆپەرست، کە بیەوێ ناوی خۆی بەسەر هەموو شتێکەوە بێت، هەر لە ناوەندی کینیدی تا دەگاتە خەڵاتی نۆبڵ، ریسک بەهەموو ئەو شتانەوە دەکات، بۆ دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند، بەتایبەتی کە بەکردەوە مافی کارپێکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەوێ و وەبەرهێنانی سەرچاوە سرووشتییەکانیمان هەیە.
ئەگەر ئەمریکا کۆمپانیایەک بووایە، ئەوا ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، لەسەر ئەو رەفتارە، دەستوەردانی لەکارەکانی بەڕێوەبەری جێبەجێکار دەکرد.
بەڵام بەداخەوە، ئەنجومەنی ئیدارەی ئەمریکا(کۆنگرێس کە کۆمارییەکان سەرکردایەتی دەکەن) بەتەواوەتی خۆی پەکخستووە، هەربۆیەش ئێمەی گەل(هاوبەشەکان) باجەکە دەدەین.
لەم کاتەدا، رکابەرانی ئەمریکا بڕوا بە بەختی خۆیان ناکەن.
چونکە لەدوای کۆتایی دووهەمین جەنگی جیهانییەوە، روسیا و چین ئەوەی ترەمپ لێی تێنەگەیشتووە ئەوان لێی تێگەیشتوون، ئەویش بریتییە لە: خەسڵەتی رکابەرکاریی ئەمریکا. لەکاتێکدا روسیا و چین تەنها چەند وڵاتێکی پاشکۆی خۆیان هەبوو، ئەمریکا چەکێکی نهێنی هەبوو: هاوپەیمانگەلێک کە هاوبەشی بوون لە بەهاکاندا و ئامادەی شەڕو مردن بوون لەگەڵیدا، هەروەک چۆن دانیمارک کردی.
روسیا و چین خەون بەو رۆژەوە دەبینن کە ئەمریکا تیایدا هاوپەیمانەکانی لەدەستبدات و ناتۆ هەرەسبهێنێت. بێ بوونی هاوپەیمانانی ئابووری و سەربازیش ئەمریکا بەم شێوە بەهێزەی ئێستای نامێنێتەوە.
دواتر رۆژێک لەڕۆژان خەونەکەیان هاتەدی، گەلی ئەمریکا پیاوێکیان هەڵبژارد، سەرکردایەتیمان ناکات بەرەو " ئەمریکا پێش هەموو شتێک" بەڵکو سەرکردایەتیمان دەکات رووەو " ئەمریکا بەتەنها خۆی" و " خۆم پێش هەموو شتێک".
نووسینی: تۆماس فریدمان
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە: فریق حبیب
|
هەموو وتارەکانی
فەریق حەبیب